هاووڵاتییەکی کورد لە سنە دەسبەسەر کرا

14:03 - 21 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیدریس گەلەداری" خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای ٦ ڕۆژ تێپەڕین بەسەر دەسبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی "ئیدریس گەلەداری" لەبەر دەستدا نییە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو هاووڵاتییە سنەییە لە کاتێکدا بۆ کاری پەیوەندیدار بە دڵنیایی ماشینەکەی (بیمە خودرو) سەردانی یەکێک لە شیرکەتەکانی کردبوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەورەها دەڵێت: "هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و هەندێک کەرەستەی کەسیی نابراویان وەک کامپیۆتێر، لەگەڵ خۆیان بردووە".

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا، ئەوەشی ڕاگەیاند: "دوو برای ئیدریس گەلەداری ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێرانن".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە سنەییە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.