هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا

12:58 - 20 بانەمەڕ 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەمیر سەلیمی ئەقدەم" خەڵکی مەهاباد، یەک مانگ پێش لە تەواوبوونی ماوەی زیندانییەکەی لە بەندی ٤ی زیندانی ئێڤین ئازاد و "ممنوع ‌الخروج" کرا.

ئەو زیندانییە لە کاتی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییە پێنج ساڵەکەی خۆی، لە زیندانی ئێڤیندا بووە. ئەو هاووڵاتییە دەبێ سەبارەت بە تاوتوێکردنی بارودۆخی "ممنوع ا‌لخروجـ"ـیەکەی و لابردنی ئەو بڕیارە سەردانی ئیدارەی "پاسپۆرت و گوزەرنامە" بکات.

"ئەمیر سەلیمی ئەقدەم"، مامۆستای پێشووی زانکۆی ئازادی مەهاباد بووە و لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٥، بۆ بەشداریکردن لە سێمینارێک لە پەیوەندی لەگەڵ توندڕەوە مەزهەبییەکان، بە "دەعوەتنامەی سووری" بانگهێشتی تاران کرا و  لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە فڕۆکەخانەی مێهرابادی ئەو شارە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرا. ناوبراو  پاش مانگێک لێپرسینەوە بۆ بەندی ٧ی سالۆنی ١٢ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە لە لقی ١ی لێپرسی دادسەرای ئێڤین بە سەرۆکایەتیی "عەلی قەناعەت‌کار" بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی عەرەبستان تاوانبار کرا. ناوبراو هەروەها لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی "ئەبولقاسم سەڵەواتی" بە ١٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا و لە کۆتاییدا و لە قۆناغی پێداچوونەوە، لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پاریزگای تاران بە سەرۆکایەتیی "ئەحمەد زەرگەر" بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دانی پارەی نەختی مەحکووم کرا.

"ئەمیر سەلیمی ئەقدەم"، لە دایکبوونی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە مەهابادە و پێش لە دەسبەسەرکرانی مامۆستای زانکۆی ئازادی مەهاباد بووە. "سەلیمی ئەقەدەم" خاوەنی بڕوانامەی دوکتورا لە بواری "فێقهـ و مەبانیی ماف"ـە.