هاووڵاتییەکی کورد لە زیندانی ورمێ ڕێگەی چاوپێکەوتنی پێ نادرێت

20:25 - 23 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، دوای ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا و چارەنووسی هەروا ناڕوونە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"محەممەد ئیبراهیمی\"، تەمەن ٥٠ ساڵ خەڵكی گوندی \"کۆنەلاجان\"ی سەر بە شاری پیرانشار، دوای ٤٠ ڕۆژ دەسبەسەرکردن، بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە و لە کاتی لێكۆڵینەوەدا مافی گرتنی پارێزەری پێ نەدراوە.

بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کوردە، دوای بەدواداچوونی بەردەوامیان، ئاگادار کراونەتەوە کە ناوبراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا ڕاگیراوە، بەرپرسانی ئەم زیندانە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە، کە \"محەممەد ئیبراهیمی\" هەتا کاتێکی نادیار مافی چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسدا نییە.

رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٣ی بەفرانبار، محەممەد ئیبراهیمی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر دەکرێت. بنەماڵەی ئەم گیراوە لە هۆکاری گیران و ئەو تۆمەتانەی کە بە سەریدا سەپاون هیچ زانیارییەکیان نییە، بەڵام مەئموورانی ئیتلاعات هۆکاری گیرانی ئەم هاووڵاتییەیان بۆ \"هاوکاری کردنی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حكوومەتی ئێران\" گەڕاندۆتەوە.