هاووڵاتییەکی کورد لە بازاڕی دوڵار فرۆشانی شاری سەردەشت دەسبەسەر کرا

14:51 - 9 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کورد خەڵکی شاری سەردەشت، لە لایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕیبەندان، لاوێکی کورد بە ناوی \"سیاوەش مستەفازادە\" تەمەن ٢١ ساڵ لە بازاڕی دوڵار فرۆشانی شاری سەردەشت، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری ورمێ دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە کاتی دەسبەسەر کردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە، دەستیان بە سەر پارەی ئەم هاووڵاتییە کوردەدا، گرتووە.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێت: ئەم لاوە کوردە، پاش دەسبەسەر کردنی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی لە بەردەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەم لاوە کوردە، زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.