هاووڵاتییەکی کورد دوای تەئیدی حوکمەکەی لە لایەن دادگاوە زێدی خۆی بەجێهێشت

15:14 - 17 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ سەر بە پارێزگای ورمێ بە هۆی گوشاری ناوەندە قەزایی و ئەمنییەتییەکانی حکومەتی ئێران زێدی خۆی بەجێهشێت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ناسر شابۆیی دوودکانی\" هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری شنۆ دوای تەئیدی یازدە ساڵ حوکمی زیندان لە لایەن لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بێلێت.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە سەرەڕای تەئیدی ئەو هەواڵە بە ئاژانسی کوردپا رایگەیاند: ناوبراو ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی دراوسێی ئێران سەرقاڵی ژیانه.

\"\"ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ حوکمی یازدە ساڵ زیندانی بۆ ناسر شابۆیی دوودکانی تەئید و پشتڕاست کردبووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری شنۆ، بە تۆمەتی \"ئەندامەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران و کۆبوونەوە و هاوکاریی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهی نەتەوەیی\" به ١٠ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی \"چالاکیی بە قازانجی حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران\" بە ١ ساڵ زیندانی مەحکوم کرابوو.

دەقی ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ تەئید کرابوو
ئەو هاووڵاتییە کوردە هاوینی ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی \"ئەندامەتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

شابۆیی دودکانی دوای سێ مانگ دەستبەسەرکران بە دانانی بارمته لە زیندان ئازاد کرا.

ناوبراو خێزاندار و خەڵکی گوندی شاوانێ سەر بە شاری شنۆیە.