هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی لێدانیەوە لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە، بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا

10:17 - 2 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: پەرستارێکی کوردی خەڵکی پیرانشار، بەهۆی ئەوەی کە لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە لێی دراوە، بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد ئەمین (هێدی) خزری"، کوڕی "موراد"، بەهۆی ئەوەی کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ لێی دراوە، بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، ڕاگواستنی ئەم پەرستارە کوردەیان بۆ نەخۆشخانە بە بنەماڵەی ناوبراو ڕاگەیاندووە.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کردووە: "ئەم پەرستارە لە ماوەی دەسبەسەرییدا، لە مافی گرتنی پارێزەر و دیتنی بنەماڵەکەی، بێبەری کراوە".

هەروەها ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان، ئەم هاووڵاتییە کوردەیان بە هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کردووە".

"محەممەد ئەمین خزری"، خەڵکی گوندی "جڕان" و دانیشتووی شاری پیرانشارە و مانگی خەرمانانی ئەمساڵ بەر لە چوونی بۆ سەر کارەکەی لە نەخۆشخانە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.