هاووڵاتییەکی کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست‌دا

23:43 - 10 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەوڵاوا بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی برینداربوو و لاقێکی لەدەست‌دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٩ی خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"مەهدی خۆگەر\" خەڵکی گوندی \"دەل\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا بەهۆی تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە لە کاتی کاری وەرزێڕیدا تووشی ئەم ڕووداوە هاتووە کە بووەتە هۆی برینداربوونی لاقی.

ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای ڕوودانی ئەم ڕووداوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری مەریوان کراوە و ئێستا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.

بەپێی زانیارییەکان، شەش میلیۆن هێكتار لە خاکی ئێران مینی تێدا چێنراوە و بەپێی ئامارەکان، زیاتر لە ٢٠ میلیۆن مین لە سەراسەری ئێراندا هەیە کە پارێزگاکانی کرماشان، سنە و ورمێ بەهۆی هۆکاری ئەمنییەتی و سەر سنووری بوون، زۆرترین مینی چێندراویان هەیە.