هاووڵاتییەکی کورد بە هۆی سەرمابردووی گیانی لە دەست دا

13:31 - 13 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد، لە کاتی پەڕینەوە بۆ سنووری هەرێمی کوردستان، بە هۆی سەرما و سۆڵەوە گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد، بە ناوی \"محەممەد پایمۆزد\" تەمەن ٢٨ ساڵ، لە سنووری نێوان پیرانشار و هەرێمی کوردستان لە سەرمادا ڕەق هەڵات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٢٨ ساڵە، پاش ئازادبوونی لە زیندان بە شێوەی کاتی، ویستبووی ببێتە ئەندام یەکێک لە حیزبە کوردییەکان کوردستانی ڕۆژهەڵات، کە تووشی ئەو ڕووداوە هاتووە.

ئەو سەرچاوەیە، هەروەها لە زمانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە کوردە پشتڕاستی کردەوە، کە محەممەد پایمۆزد ماوەی زیندانی بووە و بە دانانی بارمتە (وەسیقە)ی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کراوە.

دەگوترێ، ئەو هاووڵاتییە کوردە، پێشتریش ساڵی ٨٦ی هەتاوی، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتییەوە دەسبەسەر کرابوو.