هاووڵاتییەکی کورد بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا

21:06 - 7 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتیەکی کوردی خەڵکی مەریوان بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە ڕەوانە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"لەنج ئاباد\"ی سەر بە شاری مەریوان بە ناوی \"نەجمەدین فەرەجی\" بەمەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندی ئەم شارە ڕەوانە کرا.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتڵاعاتییەکانی حکوومەت دەستبەسەر کرا و پاشان بە دانانی وەسیقە ئازاد بوو. داداگای ئینقلابی مەریوان ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی\"هەوڵدان بە دژی تەناهی نەتەوەیی\"بە ١٥ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرد.

ئەم هاووڵاتیە کوردە ڕۆژی ڕابردوو بە مەبەستی تێپەڕاندنی حکوومەکەی بە بەشی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادگای ئینقلابی مەریوان ناسێنراوە و لە ئێستادا لە زیندانی مەریواندا ماوەی حوکمەکەی خۆی تێدەپەڕێنێت.

ئەم هاووڵاتییە مەریوانییە برای زیندانی سیاسیی پێشوو \"فەخرەدین فەرجی\"یە کە لە مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩١ بە تۆمەتی \"محاربە\" لە ڕێگەی ئەندامبوونی لە یەکێک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردیەکان لە دادگای ئینقلابی سنە دادگایی و بە ٣٠ ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ زیندانی \"تەبس\" مەحکوم کرا. ناو براو ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ساڵی ٩٣، بە دانانی گرێوێکی ٢٢٠ میلیۆنی بۆ ماوەی ٢ هەفتە مەرەخسی پێدرابوو و پاشان لە ئێران ڕایکردبوو.