هاووڵاتییەکی کورد بە سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرا

12:42 - 8 خاکەلێوه 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئیسماعیل مەنسووری" خەڵکی کرماشان، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سێ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی کرماشان، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

ئەو هاوولاتییە کرماشانییە پاش داسەپاندنی ئەو حوکمە لەلایەن دادگاوە، بە دانانی بارمتە و پشتڕاستکردنەوەی ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە، بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، "ئیسماعیل مەنسووری"، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەبێ بەڵگەی یاسایی لە جادەی داڵاهۆ-کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.