هاووڵاتییەکی کورد بە ١٠ ساڵ و سێ مانگ زیندانی حوکم درا

20:23 - 15 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهابادی بە ١٠ ساڵ و سێ مانگ زیندانی مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"کەیوان عەلیانی\" خەڵکی شاری مەهاباد لە لایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە ١٠ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە لە زیندانی مەهاباد دایە بە تۆمەتی\"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بە ١٠ ساڵ و سێ مانگ زیندانی مەحکووم کراوە.

کەیوان عەلیانی ڕۆژی سێشەممە ٢١ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و لە مانگی بەفرانباری ٩٦ پاش لێکۆڵینەوە، بەبێ دادگایی و بڕینەوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتی لێپرسینەوە لە \"چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستپڕاگەیشتن بە پارێزەر\" بێبەری بووە.

ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە هەروەها ساڵی ٨٥ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن ئیتلاعاتیی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و پاش دوو مانگ زیندانی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

لە لایەکی دیکەوە، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری کامیاران بە ناوی \"ڕەحیم خاتری\" لە لایەن دادگایی ئینقلابی ئەو شارەوە بە سێ مانگ و یەک ڕۆژ زیندانی مەحکووم کرا.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، ڕەحیم خاتری لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی \"ئەندامبوون و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر کرابوو.