هاووڵاتییەکی کورد بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کرا

10:04 - 5 سەرماوەز 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی" هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی "خالید زەمانی" خەڵکی شاری کامیارانی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعلیقی مەحکووم کرد.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران" تاوانبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگایی‌کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری سنە، بەڕێوەچوو و بڕینەوەی ئەو حوکمەش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندراوە.

خالید زەمانی مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵێنەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کامیارانییە ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بۆ زیندانی کامیاران ڕاگوێزرا و ناوەڕاستی مانگی خەرمانانی هەمان ساڵ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.