هاووڵاتییەکی کورد بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

10:35 - 25 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی مەدەنیی کورد بە ناوی "جەلال ڕۆستەمی"، خەڵکی سنە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٦ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، ئەو چالاکە مەدەنییە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە ٥ ساڵ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کردووە.

بە پشتبەستن بە ماددەی کۆبوونەوەی حوکمەکانی یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ لەو حوکمە دەبێ جێبەجێ بکرێت.

"جەلال ڕۆستەمی"، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری ڕامسەر دەسبەسەر و پاش دوو ڕۆژ، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرا.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە نووسیویەتی: "ئەو چالاکە مەدەنییە، ڕۆژی ٢٣ی بانەمەڕی ئەمساڵ، پاش تەواوبوونی قۆناغی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزراوە و لە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کراوە".

کۆبوونەوەی دادگایی کردنی "جەلال ڕۆستەمی" لە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بەڕێوە چووە و دواتر حوکمەی پێڕاگەیەندراوە.