هاووڵاتییەکی کورد بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

12:01 - 6 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی ورمێ، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم  کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "محەممەد شەریف سالم دزەیی" کوڕی "ئەرشاد" و خەڵکی "دزە"ی مەرگەوەڕ و دانیشتووی ورمێ، لەلایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بە سەرۆکایەتیی "عەلی شیخلو"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی ورمێ، ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" و بە بەشتبەستن بە ماددەی ٤٩٩ی یاسای سزای ئیسلامی، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کردووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی ١ی ڕەزبەر، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چوار ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزراوە.