هاووڵاتییەکی کورد بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

17:13 - 8 سەرماوەز 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "نائیب (مەسعوود) حاجی‌پوور" خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

دادگا ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تاوانبار کردووە.

کۆبوونەوەی دادگایی‌کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی دووشەممە ٣ی سەرماوەز بەڕێوە چوو و حوکمی داسەپاوە لە ڕۆژانی ڕابروودا، بە ناوبراو لە زیندانی ورمێ، ڕاگەیاندرابوو.

نائیب حاجی‌پوور، ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ لەگەڵ چوارهاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی "ئومید سەعیدی، عەبدولعەزیز محەممەدپوور، کامڕان قاسمی و کەیوان ڕەشۆزادە" بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، کرابوون.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش مانگێگ لێکۆڵینەوە لە ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو و لە خەوتنگەی ١_٢ دایه.