هاووڵاتییەکی کورد بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

13:29 - 1 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار لە لایەن دادگایی ئینقلابی ورمێوە بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"محەممەد پەتایشی\" کوڕی محەممەد کەریم خەڵکی گوندی \"قەمتەرە\" سەر بە شاری پیرانشار بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن دادگایی ئینقلابی ورمێوە بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرا.

ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی بەفرانبار بە ئەم هاووڵاتییە کوردە کە لە زیندانی ورمێدا لە دەسبەسەری دایە، ڕاگەیەندراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوو، بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئەو ناوەندە ئیتلاعاتییەی شاری ورمێ کرا و ڕۆژی سێشەممە ٩ی خەزەڵوەری ئەمساڵ بۆ تەواو کردنی قۆناغی لێپرسینەوەکەی بۆ ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری پیرانشار ڕاگوێزراوە.

محەممەد پەتایشی پاش تەواو کردنی قۆناغی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرا و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، \"لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر\"، بێبەری بووە.