هاووڵاتییەکی کورد بە دوو ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ ئەردەبێڵ مەحکووم کرا

11:27 - 12 بانەمەڕ 2720

لقی یەکی دادسەرای نیزامیی ورمێ، هاووڵاتییەکی کوردی بە ناوی "سەید سامان حوسێنی" خەڵکی شاری ڕەبەت، بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ئەردەبێڵ مەحکووم کرد.

لقی یەکی دادسەرای نیزامیی ورمێ، ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە "سیخوڕی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

"سەید سامان حوسێنی" ساڵی ٩٧ لە کاتی سەربازیدا دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سەردەشت و ورمێ ڕاگوێزرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ٨ی بانەمەڕ، بۆ زیندانی ورمێ گوازرایەوە و لە ماوەی ڕۆژانی داهاتوودا، بۆ زیندانی ئەردەوبێڵ دوور دەخرێتەوە.