هاووڵاتییەکی کورد بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

14:41 - 5 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی قورس لە گرتووخانە ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"ئەسعەد حاجی ڕەسووڵی\"، خەڵکی ئاڵیکەند\"ی شاری بۆکان، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کورد، ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان ڕاگوێزرا.

لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە شارەکانی کوردستان هەوڵی دەسبەسەرکردنی ژمارەیەکی خەڵکی کوردیان داوە و زۆربەی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراوی کورد پاش لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتەی قورس بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.