هاووڵاتییەکی کورد بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ ئازاد کرا

10:59 - 18 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە دانانی بارمتە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "میلاد ڕەشیدی"، خەڵکی گوندی "ئەشکان"، سەر بە شاری سەردەشت، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆنی، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، مانگێگ لەمەو پێش بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

مۆبایلی ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەستی بە سەردا گیرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش دەسبەسەری، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ کرابوو.