هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە کرماشان گیانی لە دەست دا

16:02 - 19 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری کامیاران بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری کرماشان گیانی لە دەست دا.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی پووشپەڕ، مەئموورانی ئینتزامیی ماشینی شەخسی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری کامیارانیان لە دەوورووبەری فڕۆکەخانەی شاری کرماشان دایە بەر دەستڕیژ و لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتییە کوردە گیانی لە دەست دا.

\"\"
جەماڵ ڕەحمانی
هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"جەماڵ ڕەحمانی\" تەمەن ٢٢ ساڵ خەڵکی گوندی \"لۆن سادات\" سەر بە شاری کامیاران ڕاگەیاندووە.

هەواڵنێری کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە گومانی ئەوەیکە شتومەکی قاچاخی پێ بووە، داوەتە بەر دەستڕێژ و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.

تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد لە جادەکانی کوردستانی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، یەکێک لە هۆکارەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی کورد بە ئەژمار دێت، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاووڵاتییانە هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاخیان پێ نەبووە.

بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ناسراوی کورد، بەپێی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، \"ئەگەر کەسێک شوفیری ماشینێک بێت، سەرەتا دەبێ تایەی ئەو ماشینە بکرێتە ئامانج و دواتر شوفیرەکە دەستبەسەر بکرێت.\"

ئەو پارێزەرە کوردە هەروەها دەڵێت: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بینراوە کە هێزە ئینتزامییەکان ئەو مادە یاساییە لە بەرچاو ناگرن و بە شێوەی ڕاستەوخۆ هاووڵاتییانی کورد دەکەنە ئامانج.