هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە بانە پێکرا

11:51 - 12 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بەسەختی بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٩ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "جەماڵ محەممەدی"، کوڕی حسەین، خەڵکی شاری بانە، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی جێگیر لە پایگای "بڕوێشکانی"، بەسەختی بریندار بوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە کاتی کۆکردنەوەی "مازۆ" لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، تەقەی لێکرابوو.

"جەماڵ محەممەدی" بەهۆی قورسیی برینەکانیەوە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری بانە کراوە و هەنووکە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.