هاووڵاتییەکی کورد بە بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەن ئازاد کرا

14:02 - 25 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش سێ مانگ دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، \"هوشیار کەسرایی\"، تەمەن ٤١ ساڵ، کوڕی ڕەشید، خەڵکی گوندی \"نێـ\"ـی شاری مەریوان، پاش سێ مانگ دەسبەسەربوون، بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.

ناوبراو ڕۆژی چوارشەممە ١١ی ڕەزبەر لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی شاری مەریوان ڕاگوێزرا.

ئەم گیراوە سیاسییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە تۆمەتی \"هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بەبێ بوونی پارێزەر لێکۆڵینەوەی لێ کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی پووشپەڕ، لەگەڵ هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \"وریا فەرەجی\"، تەمەن ٣١ ساڵ کوڕی عەبدوڵڵا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

\"وریا فەرەجیـ\"ـش پاش ٣٤ ڕۆژ دەسبەسەربوون لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، بە دانانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی هەتا کاتی بەڕێوەچوونی دادگایەکەی بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە.