هاووڵاتییەکی کورد بۆ ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایەوە

15:37 - 14 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: برای زیندانییەکی سیاسی کورد مەحکووم بە ئێعدام بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ گوێزرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"فەرهاد عەبدوڵلاپوور\" خەڵکی شاری شنۆ برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانی سیاسی کوردی مەحکووم بە ئێعدام بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی عەبدوڵڵاپوور لەژێر گوشاری ڕێكخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدراندان و لە چارەنووسی کوڕەکەیان هیچ زانیارییەکیان نییە.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ \"مەرجان بێهرووزی\"، دایکی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری شاری ورمێ، سەردانی فەرمانداری شاری شنۆی کرد و خوازیاری ڕوونبوونەوەی چارەنووسی کوڕەکەی \"فەرهاد عەبدوڵڵاپوور\"ـی کرد کە دوو ڕۆژ پێش دەسبەسەر کرابوو.

ڕۆژی شەممە ٩ی پووشپەڕ، \"فەرهاد عەبدوڵڵاپوور\"، برای هیدایەت عەبدوڵڵاپوور زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.