هاووڵاتییەکی کورد بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا له شاری ورمێ ڕاگوێزرا

20:40 - 8 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری شنۆ، پاش دەسبەسەر کردنی بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەلی ئیسماعیلی\" تەمەن ٤٠ ساڵ کوڕی محەممەد خەڵکی گوندی \"جاشێران\"ی شاری شنۆ، پاش دەسبەسەر کردنی لە لایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە بۆ گرتنگەی ئەم ناوەندە حکوومەتییە لە شاری ورمێ ڕاگوێزراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ لێکۆڵینەوە بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شاری ورمێ ڕاگوێزراوە و هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی لە بەردەستدا، نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە زانیارییەکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە کوردە، بە بنەماڵەکەی خۆ دەبوێرن.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانبار، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.