هاووڵاتییەکی کورد بۆ زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ گواسترایەوە

20:25 - 15 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەلکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمی لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٠ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"شاکر بێهرووزی\" کوڕی سەلیم، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ، پاش مانگێک لە دەسبەسەری، لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێیەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بۆ بەندی ١-٢ی زیندانی ناوەندی ورمێ گواستراوەتەوە و لە ماوەی دەسبەسەریەکەیدا هیچ زانیارییەک لە چارەنووسی ناوبراو لە بەردەستدا نەبووە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٧ی هەتاوی، بە تۆمەتی \"هاوکاری لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بە مەبەستی لێپێچینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایەوە.