هاووڵاتییەکی کورد بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا

11:29 - 14 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی بەشی قوتووری شاری خۆی، پاش تەواوکردنی ماوەی لێپرسینەوەکەی، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فیرووز موسەوی‌لو"، خەڵکی بەخشی قوتووری شاری خۆی، پاش ٥ مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو هاووڵاتییە چەند ساڵێک ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بە ئەماننامەی سپای پاسداران، دەسبەسەر کراوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ئەمساڵ، پاش خۆناساندن بە سپای پاسدارانی سەردەشت دەسبەسەر و دواتر بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوێزرا".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە کوردە، ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و بە تۆمەتی شەڕی چەکداری تاوانبار کراوە.

دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی سپای پاسداران بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە کوڕەکەیان پاش چەند ڕۆژ لێپرسینەوە، ئازاد دەکرێت.