هاووڵاتییەکی کورد بۆ زیندانی ناوەندیی شاری سنە ڕاگوێزرایەوە

16:33 - 19 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"تەنگیسەر\"ی سەر بە ژاوەرۆی شاری سنە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی بانەمەڕ، زیندانییەکی کورد بە ناوی \"فەردین عەیوەزی\"، کوڕی محەمەدعەلی، خەڵکی گوندی \"تەنگیسەر\"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی شاری سنە، بۆ بەخشی \"ئیجرای ئەحکام\"ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە بانگهێشت و دواتر بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، پێشتر بە تۆمەتی \"هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگای هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام\"، لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ١٢ی ڕەشەممەی ساڵی ٩٧، دەسبەسەر کراوە و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە گوازراوەتەوە.

پێشتریش، ئەم هاووڵاتییە کوردە چەندین جار بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی کرابوو.