هاووڵاتییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی سنە کرا

10:11 - 1 رەزبەر 2720

ڕۆژی شەممە ٢٩ی خەرمانان، "ئاکۆ کەریمی" کوڕی "سەیفوڵڵا"، یەکێک لە هاووڵاتییانی ناڕازیی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی سنە گواسترایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوو ڕۆژ پاش لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەر، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەریان کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان ماشینی کەسیی ئەو لاوە کوردەیان بۆ پشکنین بردبوو بۆ قەرارگای شارامفەڕ لە بێلواری شبلیی سنە".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە وتی: "ئەو لاوە سنەییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو و دواتر لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرابوو".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "پاش پشتڕاستکردنەوەی حوکمی ئەو لاوە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە، ئاکۆ کەریمی بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری سنە کرا".