هاووڵاتییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکی ڕەوانەی زیندانی ماکۆ کرا

10:31 - 22 رێبەندان 2719

ڕۆژی سیشەممە ١٩ی ڕێبەندان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فواد وەکاڵەتی" خەڵکی ماکۆ، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ماکۆ کرا.

هاوێنی ئەمساڵ لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری خۆی بە سەرۆکایەتی دادوەر "عیرفانی" ئەو لاوە کوردەی بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم و ئەو حوکمەش لە دادگای پێداچوونەوەی شاری ورمێ پشتڕاست کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، بە هۆی بڵاوکردنەوەی وتارێک سەبارەت بە بارودۆخی کوردەکان و ڕەخنە لە بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری ماکۆ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ ڕاگوێزرابوو.

فواد وەکاڵەتی کۆتاییەکانی مانگی پووشپەڕ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ، بۆ زیندانی ماکۆ گوازرایەوە و ڕۆژی هەینی ١٤ی گەلاوێژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.