هاووڵاتییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەی بۆ زیندان گوازرایەوە

20:03 - 6 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٦ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"یووسف مەحموودی \" خەڵکی شاری بۆکان بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی، بۆ زیندانی ئەو شارە گوازرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە، ١٢ی پووشپەڕ، لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی \"عەبدوڵڵا شەریفی، عارف ڕەسوڵزادە و ئەنوەر عەرەب\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ کران.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، پاش ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە دانانی بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرا و مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ لە لایەن دادگای کەیفەریی ٢ی بۆکان بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام\" بە دوو مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

یووسف مەحموودی دەرچووی زانکۆیه و بڕوانامەی مافی لە زانکۆی علمی کاربوردی هەیە.

لەو پەیوەندییەدا، عەبدوڵڵا شەریفی لە لایەن دادگای بۆکانەوە بە تۆمەتی \"پرۆپاگەندە دژی نیزام\" بە ٣ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەنوەر عەرەف و عارف ڕەسوڵزادە، هەر بەو تۆمەتە مەحکووم کراون، بەڵام هەتا ئێستا حوکمەکەیان ڕانەگەیەندراوە.