هاووڵاتییەکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی مەشهەد کرا

15:19 - 23 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری \"قووچان\" لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانە زیندانی ناوەندی شاری مەشهەد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی کورد، بە ناوی \"مەنسوور فەرەجزادە\" تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی ڕەجەب خەڵکی شاری قووچان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیی بوونەکەی، ڕەوانەی زیندانی ناوەندی شاری مەشهەد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوەڕاستی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٧،بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری قووچانەوە، بە ٥ مانگ زیندانی تەعزیری سزا درابوو.

مەنسوور فەرەجزادە، ٤ی ڕەزبەری ساڵی ٩٦، پاش بەڕێوەبردنی سەرکەوتووانەی ڕێفراندومی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان دەستبەسەر کرا و ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەزی هەمان ساڵ، پاش نزیکەی ٢ مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە، هەتا کاتی دەرچوونی بڕیاری دادگا، بەشێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوو.