هاووڵاتییەکی کورد بووە بە سەردێڕی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان

14:14 - 23 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری پاوە، لە گۆڕەپانی \"ئازادی\"ی شاری تاران، بە هەڵگرتنی کۆڵێک بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ کۆڵبەرانی کورد، پشتیوانیی خۆی لە کۆڵبەرانی کورد دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٢ی ڕێبەندان، لە سی و هەشتەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا، پیاوێکی بە تەمەنی پاوەیی بە هەڵگرتنی کۆڵێک بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ کۆڵبەرانی کورد، هاوخەمیی خۆی بۆ گیانلەدەستدانی کۆڵبەرانی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار کە بە هۆی هەرەسی ڕنووەوە تێداچوون دەربڕیوە کە لە تۆڕوە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەیەکی بەرینی هەبووە.

شوناسی ئەو پیاوە بە تەمەنە \"جەعفەر بەدری\" خەڵکی شاری پاوە ڕاگەیەنراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری تاران وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند: \"جەعفەر بەدری پێشتر کەسێکی ئەرتەشی بووە و ئێستا خانەنشین کراوە\".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو کە؛ ناوبراو نزیک بە ٩٠ مانگ پێشینەی بەشداری لە بەرەکانی شەڕی ئێران و عێراقدا هەبووە.

لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوودا، لە کاتی بەفر و سرما و سۆڵەدا،سەرجەم حەوت هاووڵاتیی کورد بوون بە ژێر هەرەسی ڕنووەوە. کە بە گشتی چوار کۆڵبەر و سێ کرێکار گیانیان لەدەست دا.