هاووڵاتییەکی کورد بانگهێشتی ئیتلاعاتی ورمێ کرا

14:26 - 16 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ورمێ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٥ی خەزەڵوەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدوڵڵا موکەڕەم\" تەمەن ٦٧ ساڵ خەڵکی شارەکی \"تەرزیلوو\"ی شاری ورمێ بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا.

هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ماوەی ڕابردوودا، چەندین کەڕەت چوونەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و گوشاریان خستووەتە سەر ناوبراو.

ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی \"ئەندامبوونی منداڵەکانی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردووە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر عەبدوڵڵا موکەڕەم کە منداڵەکانی لە ئەندامیەتی حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران دەربهێنێت و بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئێران.

پێشتر، ئەم هاووڵاتییە کوردە چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و بە شێوەی بەردەوام لەژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بووە.