هاووڵاتییەکی کرماشانی لە زیندانی ئەراک لە سێدارە درا

12:12 - 11 خاکەلێوه 2722

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٧ی خاکەلێوە، حوکمی لەسێدارەدانی چوار زیندانی کە یەکێک لەوان کورد بووە، لەلایەن بەرپرسانی زیندانی ئەراکەوە جێبەجێ کرا.

هەواڵدەریی "هێرانا" شوناسی ئەو هاووڵاتییە کرماشانییەی بە ناوی "فەیزوڵڵا نووروڵڵاهی" ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها شوناسی ئەو سێ زیندانییەکەی دیکەی بە ناوی "ئەحمەد نووری خەڵکی کەرەج، حەمید گودەرزیان و محەممەد نەجاڕی خەڵکی ئەراک" ڕاگەیاندووە.

ئەو چوار زیندانییە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەڕ لە زیندانی ئەراک لە سێدارە دراون.

لەسێدارەدانی ئەو چوار زیندانییە لەلایەن میدیا ناوخۆییەکانی ئێرانەوە ڕانەگەیەندراوە.

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ڕێکخراوی ئاماری کوردپا، ٣٧٦ حاڵەتی سزای لەسێدارەدان لە ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەڕێوە چووە، کە لەو ڕێژەیە ٣٥ کەسیان کورد بوون.