هاووڵاتییەکی کرماشانی لە زیندانی "دیزڵاوا"ی کرماشان لە سێدارە درا

12:28 - 2 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی مانگی بانەمەڕی ١٤٠١،  حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵ بە ناوی "فەردین کەلەهویی"، لە زیندانی "دیزڵاوا"ی کرماشان جێبەجێ کرا.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی "دیزڵاوا"کرماشان، لە سێدارە دراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها نووسیوویەتی: "فەردین کەلەهویی بە شێوەی نەهێنی لە سێدارە دراوە".

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە لە درێژەدا نووسیووویەتی: "فەردین کەلەهویی ماوەی سێ ساڵ پێش، لە ئەنجامی شەڕ و کێشەی بنەماڵەکەی لەگەڵ بنەماڵەیەکی دیکە، کە نزیک ٤٠ ساڵ پێش ڕووی دابوو و لە کۆتاییدا ببوو بەهۆی کوژرانی  ٦٠ کەس لەو دوو بنەماڵەیە لە گوندی کەلەهویی، بە مەبەستی تۆڵەکردنەوە، چووەتە گوندەکەی خۆیان و دەستی بە کوشتنی دوو لاو و بریندارکردنی ژنێک لەو بنەماڵەیە کردبوو".