هاووڵاتییەکی کرماشانی لە زیندانی "بروجێرد" لە سێدارە درا

09:58 - 14 رێبەندان 2719

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕێبەندان، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی بروجێرد، هاووڵاتییەکی کرماشانییان بە ناوی "ڕەسووڵ مەلا حەسەنی" بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە "ماددەی سڕکەر"ەوە لە سێدارە دا.

ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٣٩ ساڵەیە، لە ساڵی ٩٤ـەوە دەسبەسەر کراوە و بە تۆمەتی هەڵگرتنی ٩٢ کیلۆ ماددەی سڕکەری شیشە (مت ئامفتامین)، لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە، حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە زاری یەکێک لە نزیکانی ئەو هاووڵاتییە کرماشانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، حوکمی لەسێدارەدانی ڕەسووڵ مەلا حەسەنی، ڕۆژی چوارشەممە، ٩ی ڕێبەندان، پێی ڕاگەیەندراوە، بەڵام سێ ڕۆژ دواتر حوکمەکەی جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی "کوردپا"، لە ساڵی ٢٠١٩دا حوکمی لەسێدارەدانی ٢٥٤ هاووڵاتی لە ساڵی ٢٠١٩ لە ئێران بەڕێوە چووە کە لەو ڕێژەیە، ٣٨ کەسیان کورد بوونە.