هاووڵاتییەکی کامیارانی کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، ئەنجامی تاقیکارییەکەی ئەرێنی ڕاگەیەندراوە

17:54 - 11 رەشەمه 2719

بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کامیاران، ئەنجامی تاقیکاریی هاووڵاتییەک ئەرێنی بووە، هەروەها لە هەنووکەدا دوو کەسی دیکە لە نەخۆشخانەی سینای ئەو شارە خەوێندراون و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نەخۆشخانەی سینای کامیاران ڕایگەیاند: "سێ کەس کە تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا ببوون، دوو کەسیان خوێندراون و کەسێکی دیکە پاش ئەرێنی بوونی تاقیکارییەکەی، لەسەر ڕەزامەندیی خۆی گەڕاوەتەوە ماڵەوە و دوکتورەکانی ئەو نەخۆشخانە تەنیا حەبیان پێ داوە".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد: "پزیشکانی نەخۆشخانەی سینا بەو هاووڵاتییە تووشبووەیان ڕاگەیاندووە کە لە ئەگەری خراپوونی باری تەندروستییەکەی دەتوانێت سەردانی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە بکات".

وتیشی: "کەرەستەی خزمەتگوزاری لەو نەخۆشخانەیە زۆر کەمە و تەنانەت دەستکێش و جلوبەرگی تایبەت بە تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرونا زۆر بە دەگمەن دەست دەکەوێت و ئەگەریش هەبێت بە هەموو کەسی نادەن، هەروەها بەشێک لە پێرسۆنێلی ئەو نەخۆشخانەیە جلوبەرگی تایبەتیان نییە".