هاووڵاتییەکی کامیارانی بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە کرماشان پێکرا

10:46 - 21 رەشەمه 2721

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی ڕەشەمە، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ڕەزا عەبدی" کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی کامیاران لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە نزیک شاری کەنگاوەر سەر بە پارێزگای کرماشان بریندار کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاغ تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "ڕەزا عەبدی بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکان، لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەری پزیشکیی ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان کرابوو".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو پاش نەشتەگەری بۆ لاقی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی ڕەشەمە، بە بێ چاوەدێری پزیشکیی ڕەوانەی زیندانی "دێزڵاوا"ی کرماشان کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی "وێزیەر"ی شاری کامیارانە و خێزاندار و باوکی منداڵێکە.