هاووڵاتییەکی کامیارانی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا

11:28 - 24 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، هاووڵاتییەکی کامیارانیی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "بورهان کەمانگەر"، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە، بە سەرۆکایەتیی "سەعیدی"، بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگاییکردنی دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە تۆمەتی "ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کورییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، ١١ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بەبێ بوونی پارێزەر لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چوو و ئەو حوکمە ڕۆژی شەممە، ٢٣ی سەرماوەز، بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، "بورهان کەمانگەر"، لە شوێنی کارەکەیدا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کرا.

پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەروەها هێزەکانی ئیتلاعات هێرشیان بۆ سەر ماڵەکەیشی بردبوو و پاش پشکنینی ماڵەکەی، هەندێک لە کەلوپەلی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

"بورهان کەمانگەر" پاش گواستنەوەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بۆ زیندانی کامیاران، ڕۆژی ٢٠ی ڕەزبەری ئەمساڵ، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو.