هاووڵاتییەکی پیرانشاری خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند

12:21 - 1 رەزبەر 2720

ئەمڕۆ سێشەممە ١ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "باپیرە بەرزە" کوڕی "عوسمان" خەڵکی گوندی "چیانە"ی شاری پیرانشار، بۆ  تێپەڕاندنی ماوەی زیندانییەکەی خۆی بە زیندانی نەغەدە ناساند.

مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ، حوکمی زیندانیکردنی ئەو هاووڵاتییە لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ لە ٤ ساڵ بۆ ٢ ساڵ  و ٦ مانگ کەم کرابووەوە.

کەمکردنەوەی زیندانیی تەعزیریی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە جێبەجێکردنی پەسەندکراوەی مەجلیسی شورای ئیسلامی لەمەڕ کەمکردنەوەی سزای زیندانیی تەعزیری ڕوویداوە و دۆسیەی ناوبراو لە لقی ١ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ جارێکی دیکە تاوتوێ کرابوو.

پووشپەڕی ساڵی ٩٨، حوکمی ٨ مانگ زیندانیی "باپیرە بەرزە" لەسەر سکاڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ بۆ ٤ ساڵ زیندانی زیادی کرد.

مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٨، "باپیرە بەرزە" لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری پیرانشار بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" بە ٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە، بە دانانی بارمتەی ٢٢٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو مانگی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوەی ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوو.