هاووڵاتییەکی پیرانشاری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

10:36 - 19 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "سەید ڕەزا ئەحمەدی" کوڕی سەید "عەلی" و خەڵکی گوندی "ترکشـ"ـی پیرانشار، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕەزبەری ئەمساڵ، پاش تەواوبوونی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

پێشتر بڕیاری دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە بەپێی بڕیاری ئیتلاعاتی ورمێ درێژ کرابووەوە.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ی ڕەزبەری ئەمساڵ، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.