هاووڵاتییەکی نەغەدەیی بەهۆی کەمیی دەوا و دەرمان بووە قوربانی

14:36 - 4 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی نەغەدەیی پاش بریندار بوون لە رووداوێکی هاتوچۆدا و گەیشتن بە نەخۆشخانەی شاری ورمێ، بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشک و کەمیی دەوا و دەرمان گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی شایەتحاڵێک، هاووڵاتییەک بەناوی \"کاکۆ مورادی\" بەهۆی لێدرانی ٢ دەرزیی بێ‌هۆشی و هەروەها کەمتەرخەمیی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی شاری ورمێ، گیان لەدەست دانی ناوبراوی لێکەوتەوە.

ئەو شایەتحاڵە راشیگەیاند: کاکۆ مورادی تەنیا لاقەکانی تووشی برینداری هاتبوو، بەڵام بەهۆی لێدرانی ٢ دەرزیی بێ‌هۆشی، بووە هۆی لە هۆش چوونی ناوبراو و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست دا.

کاکۆ موردای کوڕی سەمەد و خەڵکی گوندی \"قاڕنێ\"ی سەربە شاری نەغەدە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١ی جۆزەردان لە جادەی نێوان نەغەدە بۆ قاڕنێ تووشی رووداوی هاتووچۆ هاتبوو، کە پاش راگواستن بۆ نەخۆشخانەی ورمێ، بەهۆی کەمیی دەوا ودەرمان پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە، پاش ١ رۆژ مانەوە لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان بە هۆی نابەرپرسیارەتیی ناوەندە پزیشکییەکان، و هەروەها کەمیی دەوا و دەرمان لە نەخۆشخانەکان، بەرەوڕووی مەرگ دەبنەوە کە ئەو مەسەلەیە لە ناوچە پەراوێز خراوەکاندا چەندین بەرابەر زیاترە.

بەپێی ئامارە نیوە فەرمییەکان، ساڵانە نزیک بە ١٥ هەزار سکاڵا بە شێوەی نووسراوە لەسەر پزیشکی نەخۆشخانەکانی ئێران، تۆمار دەکرێت.