هاووڵاتییەکی مەهابادی لە نێو داعشدا کوژرا

15:25 - 20 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد کە پێشتر چووبووە ڕیزی گرووپی داعشەوە، لە شاری مینبەجی سووریەدا کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٧ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی مەهابادی ئەندامی گرووپی تێروریستی دەوڵەتی خیلافەتی ئیسلامیی شام_عێراق ناسراو بە داعش بە ناوی \"ئارام ئاوارە\" لە شاری مینبەجی پارێزگای حەلەبدا کوژرا.

ئارام ئاوارە لە نێو گرووپی توندڕەوی داعشدا بە \"ئەبوئاوارە\"ی مەهابادی ناسرا بوو.

ئەو ئەندامەی گرووپی توندڕەوی داعش لە شاری مینبەج و لە لایەن هێزەکانی \"ی.پ.گ\"وە کوژراوە و تەرمەکەی کەوتووتە دەستی گریلاکانی ی.پ.گ.

پاش دروست بوونی داعش و راگەیاندنی دەوڵەتی خیلافەتی ئیسلامی و دروست کردنی کەتیبەکانی سەلاحەدین ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کوردستانی ئێران چوونەتە ڕیزی ئەو گرووپە چەکدارەوە و ماوە ماوە گوێ بیستی کوژرانی هاووڵاتییانی کورد لە ناو ڕیزەکانی داعش دەبین.

شاری مینبەج لە پارێزگای حەلەب لە وڵاتی سووریە هەڵکەوتوو و حەشیمەتی ئەو شارە زیاتر لە ٧٠هەزار کەسە و کورد، عەرەب و قەوقازییەکان دانیشتوانی ئەو شارە پێکدینن.