هاووڵاتییەکی مەهابادی لە زیندانی ئەو شارە ئێعدام کرا

16:10 - 19 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد، حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەیان بەڕێوەبرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرەبەری بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی پووشپەڕ، حومی ئێعدامی زیندانییەکی کورد لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد بەڕێوە چوو.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان بە\"شێخ موراد ئیبراهیمی\" خەڵکی شاری مەهاباد ڕاگەیاندووە.

دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد بە تۆمەتی\"هەڵگرتن و کڕین و فرۆشتنی ١٠ کیلۆ مادەی سڕکەر لە جۆری مورفێن\" ئەو حوکمەی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە بڕیوتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، ئەو هاووڵاتییە کوردە هیچ پێشینەیەکی لەو بارەیەوە نەبووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو هاووڵاتییە کوردە خێزاندار و منداڵێکی تەمەن ٧ ساڵانی هەیە.

دەوترێ، موراد ئیبراهیمی ماوەی پێنج ساڵە دەستبەسەرە و لە زیندان دایە.
ساڵی ڕابردووش برایەکی شێخ موراد ئیبراهیمی بە هەمان تۆمەت ئێعدام کرا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ، چوار هاووڵاتیی کورد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بە ناوەکانی خەلیل نەبی پوور کوڕی سەمەد خەڵکی گوندی\"پۆست\"
_میرحاج عەبدی کوڕی شوکر خەڵکی گوندی\"کەڵهۆڕ\"
_سۆفی کۆلۆنک زادە کوڕی بێ ماڵ خەڵکی گوندی \"لڕنێکان\"
_خەیرەدین مەشموول خەڵکی گوندی \"بالوول ئاوا\"ی نازلو بەهەمان تۆمەت لە ورمێ ئێعدام کران.

ئامارە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە لە ساڵی ڕابردووی زایینی(٢٠١٦)دا، ٢٩٥ هاووڵاتی بە تاوانی جۆراوجۆری پەیوەندییدار بە ماددەی سڕکەر لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.