هاووڵاتییەکی مەریوانی پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەسبەسەر کرا

11:17 - 10 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "دانا پیروزی" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی عەتا خەڵکی گوندی "سەردۆشـ"ـی مەریوان، پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ڕێگای پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان کراوە.

دانا پیروزی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری "دۆڵەبی" پێکرابوو.

بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دەسبەسەرکراوە ڕایانگەیاندووە کە هێشتا برینەکانی دانا لە ئەنجامی تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان چاک نەبووەتەوە کە دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری بانگهێشت و دەسبەسەرکردنی "دانا پیروزی" زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.