هاووڵاتییەکی مەریوانی، پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرا

13:47 - 7 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری مەریوان، پاش بانگهێشت کردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە دەستبەسەر و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٤ی ڕەزبەر، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان، هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە \"وریا دڵئەنگێز\" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش بانگهێشت کردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

ئەوە سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، هەتا ئێستا هێزە ئیتلاعاتییەکان هۆکاری دەستبەسەر کردنی \"وریا دڵئەنگێز\"یان ڕانەگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر کراوە سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانیان کردووە، بەڵام هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی شیاو و زانیارییەکی دروست بەو بنەماڵەیە خۆ دەبوێرن.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە ناڕوونی ماوەتەوە.