هاووڵاتییەکی مەریوانی لە زیندانی سنە لەسێدارە درا

10:47 - 19 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی کوردی خەڵکی مەریوان، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، لە زیندانی سنەدا ئێعدام کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ڕەزبەر، زیندانییەک بە ناوی "عالەم کەریمی"، خەڵکی شاری مەریوان، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنەدا، لەسێدارە درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییە کوردە، ١٠ ساڵ پیش، بە تۆمەتی کوشتنی خوشکەزاکەی دەسبەسەر و دواتر بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.

ئەو زیندانییە، ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەزبەر، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی، بۆ ژووری تاکەکەسیی زیندان سنە، ڕاگوێزرابوو.