هاووڵاتییەکی مەریوانی لە خوڕڕەم ئاوا دەستبەسەر کراوە

16:12 - 25 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: بەشی حیفازەتی سپای خوڕڕەم ئاوا یەکێک لە سەربازە کوردەکانی پادگانی ئەو شارەی دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەم حەوتوویەدا، کەسێکی خەڵکی گۆندی \"نێ\"ـی سەر بە شاری مەریوان، لە پادگانی خوڕڕەم‌ئاوای پارێزگای لوڕستان دەستبەسەر و بۆ شوێنکێی نادیار گوازراوەتەوە.

ناسنامەی ئەو هاووڵاتییە کوردە بە فەرزاد نیک پەی کۆڕی ئیبراهیم ڕاگەیەندراوە. ناوبراو لە پادگانی ئیمام عەلیی سپای پاسداران سەرباز بووە.

لە هۆکار و تۆمەتی وەپاڵدراو بەو گەنجە ٢١ ساڵە، هەواڵێکی دروست لەبەردست‌دا نیە، بەڵام لە نۆزدەی مانگی ڕابردوودا دوو لە ئامۆزاکانی فەرزاد بە ناوەکانی فاڕوق و هیوا لە زانستگەی پەیام نووری شاری مەریوان دەستبەسەر کرابوون.