هاووڵاتییەکی مەریوانی بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان پێکرا

11:34 - 13 سەرماوەز 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی سەرماوەز، هاووڵاتییەک بە ناوی "هێمن بالوود" کوڕی محەممەد خەڵکی مەریوان، بەتەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان پێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە سەرکوتکەرەکان لە خاڵی پشکنینی جاددەی سنە بۆ مەریوان، تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کردبوو.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: هێمن بالوود بەهۆی بەرکەوتنی دوو گولـلە بەسەختی بریندار و بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: ئەو هاووڵاتییە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە و هێزە ئەمنییەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی کە لە میدیایی‌کردنی هەواڵی برینداربوونی کوڕەکەیان، خۆیان ببوێرن.

هێمن بالوود دانیشتووی گەرەکی "تازاوا"ی شاری مەریوانە.