هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهواز دەستبەسەر کرا

14:26 - 15 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهواز لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵێک کە لەلایەن چالاکانی مافی مرۆفی عەرەبی ئەهوازەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی سەرماوەز هاووڵاتییەکی عەرەبی ئەهواز بەناوی \"هانی شەریفی\" لە ماڵەکەی خۆی هەڵکەوتوو لە \"کوی ئەلعەزیزیە\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراوەو و بۆ شوێنێکی نادیاریان راگواستووە.

لە درێژەی ئەو هەواڵەدا هاتووە هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە چەندین پێوەندیی تەلەفۆنیدا هەڕەشەیان لە \"هانی شەریفی\" کردووە و داوایان لێکردووە کە براکەی بە ناوی \"یووسف شەریفی\" کە بەهۆی چالاکییە فەرهەنگی و مافی مرۆڤ لەژێر چاوەدێری دایە و بەو هۆیەوە پەنابەری وڵاتی هولەندە، رازی بە گەڕانەوە بۆ وڵاتی ئێران بکات.

یووسف شەریفی لە وتووێژێکدا بە چالاکانی مافی مرۆڤ و راگەیاندنەکانی ئەهواز لە دەرەوەی وڵاتی راگەیاند: لە ژێر هیچ هەلومەرجێکدا ئامادە نیە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتی ئێران و درێژە بە چالاکییکانی خۆی ئەدات.

پێشتریش هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاوولاتییانی عەرەب بە مەرگی \" گوماناوی شاعیری ناسراوی ئەهوازی \"ستار سەیاحی\"، کۆمەڵێکی بەرچاو لە هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایەیان دەستبەسەر کردبوو کە هەتا ئێستاش وێڕای بە دواداچوونی بنەماڵەکانیان لەمەڕ چارەنووسی رۆڵەکانیان بەرەوڕووی هەڕەشەی هێزە ئەمنیەتییەکان دەبنەوە.